PKK نیازی بەجێهێشتنی خاكی توركیای نییە
پێشتر بەرپرسانی PKK چەندین جار رایانگەیاندووە كە ئەوان بە كشاندنەوەی چه کداره کانيان بۆ دەرەوەی سنوور هەنگاوی یەكەمیان لە پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ كردووە و ئیدی تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی توركیایە كە رێكارەكانی چارەسەری بگرێتەبەر.
له مباره يه وه جومعە ئیچتان پەرلەمانتاری كوردی سەر بە AKP و نوێنەری دياربه کر لە پەرلەمانی توركیا، ده ڵێت: توركیا دەوڵەتێكە دەزگای هەواڵگری هەیە و دەتوانن بەشێوەیەكی بابەتی و راست زانیاری كۆبكەنەوە. بۆیە دڵنیاتان دەكەمەوە كە PKK نیازی بەجێهێشتنی خاكی توركیای نییە. لە نامەی ئۆجەلاندا كە لە نەورۆزی ئەمساڵ لە دياربه کر خوێندرایەوە، شتێك نییە بەناوی قۆناغی یەكەم و دووەم، ئەوە سیاسییەكانی BDP ئەو شتە دروستدەكەن. ئێمە 10 ساڵە هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەنێین، ئەوەشمان لەبەر بوونی چەكدارانی PKK لە شاخ نەكردووە.
ئەوەی زیاتر گومانی لەسەر ئەو پڕۆسەیە دروستكرد رووداوەكانی شارۆچكەی لیجە بوو لە 28ی مانگی رابردوو كاتێك لايه نگراني پ ک ک بە دروشمی “سەربازگەمان ناوێ، چارەسەریمان دەوێ” ناڕەزاییان دەربڕی دژی دروستكردنی سەربازگەیەكی نوێ، بەڵام لەلایەن سوپاوە تەقەیان لێكرا و لەئەنجامدا كەسێك كوژرا و 8ی دیكەش بریندار بوون. لەدوای رووداوەكانی لیجە، وەزارەتی ناوخۆی توركیا 2 لێكۆڵەری رەوانەی ناوچەكە كرد بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان. لە كۆبوونەوەی گرووپی پارتەكەشی، سەرۆك وەزیرانی توركیا رۆژی 2/7/2013 رایگەیاند كە رووداوەكانی لیجە پەیوەندی بەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە هەیە لەناوچەكە بۆ بنبڕكردنی چاندنی حەشیشه . بەڵام پەرلەمانتارەكەی BDP ئەو قسانەی رەتكردنەوە و گوتی “ئەوانەی حەشیش دەچێنن سەر بە دەوڵەتن و بە رەزامەندی دەوڵەت ئەو كارە دەكەن و بە ئۆتۆمبێلی دەوڵەتیش حەشیش دەگوازنەوە، بەڵام قوربانییەكانی لیجە خەڵكی هەژارن و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لەبەرامبەر پڕۆسەی چارەسەری”.
جومعە ئیچتان دەڵێت بڕیاری دروستكردنی ئەو سەربازگانە پێش 3 ساڵ دەرچووه “سێ ساڵ لەمەوبەر گرێبەستی دروستكردنیان كراوە، ئەوانە تەنیا ئەركیان بەرەنگاربوونەوەی PKK نییە، بەڵكو بۆ پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی چاندنی حەشیشە. BDP باسی ئەو 77 سەربازگەیە ناكات كە هەڵمانگرتوون”.
ئیچتان گوتی “PKK چەك دابنێ یان شەڕ بكات ، ئێمە درێژە بە هەنگاوەكان بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەدەین، چونكە ئێمە لە روانگەی ئازادی و مافەكانی مرۆڤەوە سەیری ئەو مەسەلەیە دەكەین”.
بەڵام حوسامەدین زەندەلیئۆغڵو پەرلەمانتاری بەتلیس سەر بە BDP سوورە لەسەر ئەوەی كە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی چارەسەری قۆناغی دووەم دەستپێدەكات. زەندەلیئۆغڵو ده ڵێت: جددیەتێك بە حكومەتی AKPەوە دیارە بۆ چارەسەری كێشەی كورد پێموایە حكومەت بڕیاری چارەسەری داوە، بەڵام زۆر لەسەرخۆ هەنگاو دەنێت، دواكەوتنی هەنگاونانیش بۆ چارەسەری مەترسیدارە، چونكە بەرەی دژە ئاشتی لە بۆسەدایە.
زەندەلیئۆغڵو له وڵامي ئه م پرسياره که بۆچی BDP مەسەلەی دروستكردنی سەربازگەیەك ئەوەندە گەورە دەكات و باسی ئەو سەربازگانە ناكات كە حكومەت هەڵیگرتوون؟ دەڵێ “ئەو سەربازگانە لە شوێنی ستراتیژی دروست دەكرێن، لەو شوێنانە دروستی دەكەن كە گەریلا لێیان دەكشێتەوە”.