... گەورەیەی ناوچەكەی گرتووەتەوە.

توركیا لەوكاتەی وەك براگەورەی ناوچەكە خۆی لە كێشە نێوخۆییەكانی وڵاتانی دەوروبەر هەڵدەقورتێنێ، لەناوخۆدا بەرەوڕووی پەرەسەندنێكی گەورەی شەڕ دەبێتەوە. هۆكاری ئەم پەرەسەندنە ئێستا بووەتە رۆژەڤی توركیا. هەموو لایەنەكان سەرەڕای جیاوازیەكانیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە وڵاتەكەیان لە ئاشتی دووركەوتووەتەوە، هەربۆیە ئەو پسپۆڕ و چاودێرانەی تاوەكو رابردوویەكی نزیك پشتگیرییان لە هەوڵەكانی حكومەتی AKP دەكرد، ئەمڕۆ رەخنەی لێدەگرن و پێیانوایە سیاسەتە ئەمنییەكانی ئەو حیزبە لەپشت پەرەسەندنی رووداوەكانی ئێستایە. كە ئێستا چەند ناوچەیەكی چیایی و هەندێ گوند لە قەزای شەمزینان و بەیتولشەباب كەوتوونەتە دەست PKK.

عەلی بایرام ئۆغڵو، نووسەری بەنێوبانگی توركیا كە یەكێكبوو لەوانەی پشتگیری سیاسەتی AKPی لە هەمبەر كێشەی كورد دەكرد، هەفتەی رابردوو لە گۆشەكەیدا لە رۆژنامەی (یەنی شەفەق) لەبارەی هۆكاری تووندبوونەوەی شەڕ لەنێوان سوپای توركیا و چه کداراني PKK، هۆشداری دابووە حكومەتی ئەردۆغان كە دووركەوتنەوە لە رێگەچارەی سیاسی و پەرەدان بە سیاسەتی ئەمنی، توركیا بەرەوڕووی مەترسی راستەقینە دەكاتەوە.

هەر لەوبارەوە پرۆفیسۆر ئەرۆڵ كورباش، مامۆستای زانكۆی كرك قەڵا ، لەبارەی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە رەخنە لە حكومەت دەگرێت و دەڵێ "حكومەت ناچارە خۆی لە كاردانەوەی سۆزدارانەی نەتەوەپەرستی بەدووربگرێ، چارەسەری ئەو كێشەیە بە ئایدیۆلۆژیای كوێرانە بەدینایێت،بەڵكو بە خوێندنەوەی واقیعیانەی رووداوەكان دەبێت".

پەرەسەندنی رووداوەكان كەسە میانڕەوەكانیشی لەبەرامبەر ئەردۆغان بەدەنگ هێناوە، پەرلەمانتاری سەربەخۆی كورد شەرەفەدین ئەلچی، پێیوایە گۆڕانی لۆژیكی حكومەت هۆكاری سەرەكییە بۆ دووركەوتنەوەی توركیا لە ئاشتی. ساڵی 2011 لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ستراتیژی خۆی لەبارەی چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی كورد گۆڕی. ستراتیژی خۆی بەگوێرەی دەنگدەرانی نەتەوەپەرست داڕشت".

ئەلچی، پێیوایە ئەگەر حكومەت دەستی ئاشتی درێژ بكات ئەوان دەتوانن گوشار بخەنە سەر PKK و ناچاری بكەن ملكەچی ئاشتی ببێ "لە مانگی ئاداری 2011 هەموو كورد لەسەر 4 داواكاری بۆ چارەسەری كێشەی كورد رێككەوتن كە بریتیبوون لە: داننان بە ناسنامەی كورد، خوێندن بە زمانی دایك و بەرفراوانكردنی دەسەڵاتی هەرێمی و رێگەدان بە دانانی پاشگری (كوردی) بۆ ناوی حیزبەكان . بەڵام ئەردۆغان لە یەكەمین كاردانەوەیدا گوتی خوێندن بە زمانی دایك دەبێتە هۆكاری لێكترازان. ئەگەر حكومەت هەنگاو بەرەو ئاشتی بنێ، هەموو كورد گوشار دەخەنە سەر PKK بۆ ئەوەی شەڕ رابگرێ، چەندین ساڵە دەڵێین ئەو مەسەلەیە بە شەڕ چارەسەر نابێ، بەڵام ئەوە بە یەكلایەنە نابێت و دەبێ حكومەتیش هەنگاوبنێ".

جەواد ئۆنەش جێگری پێشووی راوێژكاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی توركیا MİT رووداوەكانی ناوخۆی توركیا و سیاسەتی حكومەتی وڵاتەكەی بە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەبەستێتەوە و دەڵێ "بەرژەوەندی هێزە جیهانییەكان لەم ناوچەیە هاوسەنگییەكانی گۆڕیوە. ئەو سنوورەی لەدوای شەڕی جیهانی یەكەم كێشراوە، ئەمڕۆ هێزە جیهانی و ناوچەییەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن جارێكی دیكە بیكێشنەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەوەش جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی بەكاردێنن. توركیا بۆئەوەی بەكەمترین زیان لەم رووداوانە دەربچێ، پێویستە سیاسەتێكی دوور لە مەزهەبگەرایی و ئەتنیكی بگرێتەبەر".