... دوورگەی ئیمرالی.

هەروەها دیداری ئاسایی ئۆجەلان لەگەڵ كەسوكاری و پارێزەرانی راگیران. ئەمەش لەگەڵ خۆی قۆناغێكی نوێی تووندوتیژی لەنێوان هەردوولا هێنایە ئاراوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە ناو بەناو میدیای توركی و هەندێك لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دەیانگوت گفتوگۆی نێوان دەوڵەت و ئۆجەلان بەردەوامە، لەوانەش كلیچدارئۆغلۆی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری. هاوكات لەگەڵ ئەوەدا چەند میدیایەكی توركی و لە پێش هەموویانەوە رۆژنامەی(Aydinlik) لە هەفتە رابوردوودا ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالییەوە گواستراوەتەوە بۆ میوانخانەیەكی میت لە نزیك شاری بورساو تەنانەت لەم نزیكانە شاندێكی ئەمریكیش لەگەڵی كۆبووەتەوە.

ئیلهامی ئیشق ناسراو بە (باڵكچی)، كە ئاگاداری گفتوگۆكانی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەرپرسانی دەوڵەتی توركیایە راگەیاند "لە 26 مانگی رابردوودا، شاندێكی سەر بە دەوڵەت، لە ئیمرالی چاوی بە ئۆجەلان كەوتووە".

بالكچی، كە خۆی یەكێكبووە لەوانەی لەو رۆژەدا سەردانی ئۆجەلانی كردووە و پێشتریش چەند جارێك سەردانی كردووە، گوتی "ئەمجارە ئۆجەلان جیاواز لە جارانی پێشوو قسەی نەكرد. ئەو ئێستا خەریكی نووسینەوەی نەخشە رێگایەكی دیكەیە بۆ چارەسەری كێشەی كورد كە لە 7 ماددە پێكدێت . ".

ئیلهامی ئیشق كە كوردێكی باتمانە و لە ساڵانی 1980 بەدواوە بۆ ماوەیەك لە زیندانی ئامەد زیندانیكراوە، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەكانی توركیا هەیە، پێیوایە لەیلا زانا پێش ئەوەی قسە بۆ رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بكات، قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان كردووە. لەیلا زانا گوتی كاتی شەڕ و چەك بەسەرچووەو ئەردۆغان دەتوانی كێشەی كورد چارەسەر بكات. دوای ئەوەش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیا دانیشت.

باڵكچی دەڵێ "پێموایە لەیلا زانا بەر لەو قسانەی بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ ئۆجەلان كردووە".

لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنانە ناوبەناو میدیای توركیا باس لە هەبوونی گفتوگۆ لەنێوان MİT و PKK دەكات. هەروەها نووسەری تورك عەونی ئوزگورەل لە مانگی رابردوودا سەردانی قەندیلی كردو لە قسەكانیدا لەگەڵ قەرەیلان، لەسەر زاری ئەو بەرپرسەی PKK دەگێڕێتەوە، كە پرۆسەی گفتوگۆی دەوڵەتی توركیا و PKK لە ئۆسلۆ بە هاوكاری ئینگلیز بەڕێوەچووە. باڵكچی لەوبارەوە دەڵێ "ئینگلیز ناوبژیوانی لەنێوان MİT و PKK دەكەن. ئادەم ئوزون نوێنەرایەتی PKK دەكات لەو گفتوگۆیانەدا. پێدەچێت بە ئاگاداری قەرەیڵان، جەمیل بایك سەرپەرشتی پرۆسەی گفتوگۆ بكات لەگەڵ MİT ".

باڵكچی ئاماژە بە جیاوازی پرۆسەی گفتوگۆی ئەمجارەی نێوان هەردوولا لەگەڵ جارانی پێشوو دەكات و دەڵێ "وەك پرۆسەكانی پێشتر پرۆسەی ئەمجارە بە شەڕ و پێكدادان لەبارناچێت و درێژەی دەبێت".

عوسمان ئۆجەلان براي عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە وتووێژێکدا له گه ڵ رۆژنامەی(Sabah)ی توركی چەند بڕگەیەكی لە نامەیەكی عەبدوڵلا ئۆجەلان بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا گوایە لەساڵی رابردوودا بە دەستخەتی خۆی داوای لە وەزارەتی دادی توركی كردووە كە چیتر پارێزەرەكانی سەردانی نەكەن، چونكە بیروڕاكانی دەشێوێنن و هاوكات لە وێشدا گووتوویەتی كە PKK و BDPش ئەو فریو دەدەن.

سەیدی فوڕات كە یەكێكبوو لەو 15 كادیرەی PKK لەساڵی 1999 لەسەر داوای ئۆجەلان وەك گرووپی كاروانی ئاشتی گەڕانەوە توركیا و دوای زیندانیكردنیشی بۆ ماوەی 5 ساڵ، ئازادكرا، دواتر ئەنجوومەنی ئاشتی توركیای دامەزراند، ده ڵێت پێويسته پ ک ک چه ک دابنێت.

فورات، ئاشكرایكرد لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی چڕ هەن بۆ ئەوەی PKK دەست لە چەك بەربدات "ئەمریكا پشتگیری سەرەكی ئەو پڕۆسەیەیە. بەگوێرەی ئەو سیناریۆیەی باسیدەكەن، PKK لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان ئاگربەست رادەگەیێنێ، لەگەڵ درێژەدان بە ئاگربەستیش بڕیاری ماڵئاواییكردن لە شەڕی چەكداری دەدات. پرۆسەی چەكدانانی یەكجاریش دوای ئەو دوو قۆناغە گفتوگۆی لەسەر دەكرێ".