چيروَكي كوژراني موسا به ده ستي پياواني ئوَجالان
چيروَكي كوژراني موسا به ده ستي پياواني ئوَجالان
كەسوكاری موسا یوسف، تەمەن 35 ساڵ، كە رۆژی 29/1/2012 لەچیای مەتین لە ناوچەی ئامێدی تەرمەكەی بە خنكێنراوی دۆزرایەوە، دەڵێن یوسف لەلایەن PKK وە كوژراوە، بەگوێرەی گێڕانەوەكان، موسا یەكێكبووە لەوانەی چەك و خواردەمەنی وەك قاچاخچێتی بۆ PKK دەبرد لە ناوچەكەی خۆیان، بەڵام هەندێ لە خزمەكانی دەڵێن كە "چەند ساڵێك بوو لەگەڵ PKK كاریدەكرد"، هەندێكی دیكەش دەڵێن بۆ پارتی و PKK پێكەوە كاریدەكرد.
موسا یوسف، پێنج منداڵی لەدوا بەجێماوە. كەسوكاری دەڵێن گەریلاكانی PKK، سەرەتای مانگی رابردوو موسایان دەستگیركرد بەبێ ئەوەی هۆكاری گرتنی و شوێنی زیندانیكردنی ئاشكرا بكەن.
خزمێكی موسا وتي "موسا چەندین ساڵە كار لەگەڵ PKK دەكات، زۆر لە خەڵكی ناوچەكەش ئەوە دەزانن، چەك و تەقەمەنی بۆ PKK دەبرد ".
لەدوای رووداوەكەی رۆبۆسكێ لە هەرێمی شرناخ كە 34 گەنجی كاروانی كورد تێیدا بە بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا كوژران، دوای چەند رۆژێك لەو رووداوە، موسا لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەی لەلایەن PKK وە دەستگیركران. بەڵام دوای چەند رۆژێك دوو هاوڕێیەكەی موسا ئازادكران.
خزمەكەی موسا باسی هەوڵی بنەماڵەكەی دەكات بۆ ئازادكردنی، كە بۆ ئەوەش چوونەتە لای بەرپرسانی PKK لە قەندیل "زۆر هەوڵماندا بیبینین، بەڵام ئەوان حاشایان لەوە دەكردو لێیان دەشاردینەوە. دەچووینە هەر شوێنێك و پرسیارمان دەكرد وەڵامەكە دووبارە هەر ئەوەبوو كە لای ئێمە نییە".
ئەو دوو كەسەی لەگەڵ موسا گیرابوون لەلای PKK وەك خزمەكانی دەڵێن، لای كەسوكاری موسا ناسراونین تەنیا ئەوەنەبێ ئێستا لەلای دەزگایەكی ئەمنی ناوچەكە زیندانیكراون، رەنگە ئێستا ئەوان زانیاری زۆرتریان لەلابێ لەبارەی چارەنووسی موسا كە بەوجۆرە نادیارە گیانی لەدەستداوە.
محەممەد شەهوان نزدۆری كە دانیشتووی شاری زاخۆیە و لە هەمان ماوەی گیرانی موسا یوسف لەلای PKK ئەویش لەلای ئەوان دەستبەسەركرابوو. لەبارەی هۆكاری گرتنی گوتی كە هەندێ كوردی سەر بە عەشیرەتی قوشیری باكووری كوردستان چووبوونە لای PKK و "سكاڵایان لەئێمە كردبوو گوایە ئێمە پارەی ئەوانمان خواردووە، PKKش ئێمەی بانگكرد و دوای 4-5 رۆژی لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەوان راست ناكەن، بۆیە ئێمەیان ئازادكرد".
محەممەد شەهوان نزدۆری، كە پێشمەرگەیە و لە هەمانكاتدا قاچاخچێتی سەر سنووری باشوور و باكووری كوردستانیش دەكات، باسی ماوەی مانەوەی لەلای PKK كرد و گوتی ئەو و سامی عومەر زرێزەیی كە دانیشتووی كۆمەڵگەی بێگوڤایە (رۆژهەڵاتی قەزای زاخۆ) هەردووكیان پێكەوە دەستبەسەركرابوون "من و سامی دوای 4-5 رۆژ و تەواوبوونی لێكۆڵینەوە یەكترمان بینی".
بەپێی قسەكانی نزدۆری ئەوان ئاگایان لە مەسەلەی موسا یوسف نەبووە، چاوەكانیشیان بەسترابوون، بەڵام شەوێكیان گوێیان لە هاوار و ناڵەی كەسێك بووە كە لە ژوورێكی تەنیشتیان هاواری دەكرد و دەپاڕایەوە "لە شێوەی هاوار و پارانەوە و زاراوەكەیەوە دیاربوو ئەو كەسە خەڵكی ناوچەی ئێمەبوو، واتە بادینی بوو".
نزدۆری هەروەها گوتی كە ئەو كەسە لە گەریلاكانی PKK دەپاڕایەوە بۆ ئەوەی قەید و بەندی دەستەكانی شل بكەن "دیارە زۆر تووندیان بەستبوو، بۆیە هاواری دەكرد و دەیگوت: بۆ خاتری فڵان، بۆ خاتری فیسار یارمەتیم بدەن".
بەڵام محەممەد شەهوان دەڵێ ئەوان نەیانزانی ئەو كەسە كێیە "ئێمە لە دهۆك زانیمان كە كەسێك بەناوی موسا یوسف لەلایەن PKKەوە كوژراوەو قسەی خەڵكیش وایكرد ئێمە لەلایەن ئاسایشەوە بگیرێین، بەڵام دواتر بۆ ئەوانیش ئاشكرابوو كە ئێمە هیچ پەیوەندییمان بەو مەسەلەیەوە نییە و بێ تاوانین، بۆیە ئازادكراین."
یوسف عەبدوڵڵا، باوكی موسا، پەیوەندی نێوان PKKو كوڕەكەی بە پەیوەندییەكی "زۆر بەهێز" وەسفكرد و گوتی كوڕەكەی چەند ساڵێك بوو كەلوپەل و خۆراكی بۆ PKK دەبرد ". یوسف، كە بە دەستی خۆی لاشەی كوڕەكەی شووشتووە دەڵێ "لاشەی هەموو شوێنی ئەشكەنجەدانی پێوە دیاربوو، هەردوو دەستیشی لە پشتەوە زۆر بە تووندی بەسترابوون، بە جۆرێك پەتەكە چوو بووە نێو گۆشتەكەیەوە".
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی زاخۆ راگەیاند "مانگێك بوو موسا ونببوو، دەڵێن لەلایەن PKK بانگ كرابوو، دواتر بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئاسایشەوەكراو گوتیان وەرن تەرمی موسا ببەنەوەو تەرمەكەش لە نزیك گوندی دووكەرێ لەلایەن ئاسایشەوە وەرگیراوە".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "PKK دەنگۆیەكی لەناو خەڵك بڵاو كردووەتەوە، گوایە موسا دەستی لەگەڵ دەزگای میتی توركی تێكەڵ كردووەو زانیاری لەسەر پەكەكە پێداون، PKK بە هەندێك كەسی گوتووە، گوایە موسا وێنەی چەند بارەگایەكی ئەوانی لە گوندی پیربل و ئەڤلها لەنزیك سنووری توركیا گرتووەو دواتر داویەتییە میتی توركیا، پاشان ئەو بارەگایانەیان بۆردوومان كراون".
بەڵام باوكی موسا هەموو ئەو قسانە رەتدەكاتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەو ئاسایش لە قەزای ئامێدی دەڵێن ئەوان بێ ئاگان لە چۆنیەتی كوشتنی موساو تەنیا ئەوە دەزانن تەرمی موسا بەخنكێنراوی لەناوچەكەیان فڕێدرابوو. عەقید جەمیل خالید، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئامێدی گوتي "بە تەواوی چۆنیەتی كوشتنی موسا نازانین و وەك خەڵك بیستوومانە كە كێ موسای كوشتووە، بەڵام ئەوە زانیاری فەرمی و تەواو نییە، رووداوەكە پەیوەندی بە پۆلیسەوە نییە".
هەریەكە لە ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی قەزای ئامێدی، خەلیل شاخكی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامێدی لەبارەی كوژرانی موسا بۆ پەیامنێری (رووداو) تەنیا گوتوویانە كە لەخانەوادەی كوژراوەكە بیستوویانە لەلایەن PKK وە كوژراوە. ئەگەرنا هیچ زانیارییەكی دیكەیان لەبارەیەوە نییە.
كەسوكاری موسا سوورن لەسەر ئەوەی كە PKK موسای كوشتووە، بۆ ئەوەش بەڵگەی تەواویان تائێستا ئاشكرا نەكردووە، بەڵام PKK گومانی بنەماڵەكەی رەتدەكاتەوەو دەڵێ هیچ پەیوەندییان بەكوشتنی موساوە نییە.
بەرپرسێكی PKK ، كە یەكێكبووە لەوانەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ موسا كردووە دەڵێ كوژرانی موسا هیچ پەیوەندی بە رووداوەكەی رۆبۆسكێوە نییە. ئەو بەرپرسەی PKK باس لە چیرۆكێكی دیكە دەكات كە پەیوەندی بە موساوە هەیە "پێش دەستگیركردنی موسا، هێزەكانی توركیا ناوچەی حەفتانین و مەتین و ئەڤله و پیربلایان بە سەختی بۆردومانكرد و پێنج گەریلا كوژرا بوون و 10ی دیكەش برینداربوون، دوای بۆردوومانەكە هەندێ وێنەمان لە توركیاوە بۆ هاتن، وێنەی ئەو شوێنانە بوون كە بۆردومانیانكردبوو، وێنەكان دیاربوون زۆر لە نزیكەوە گیرابوون، بە ئێمەیان گوت ئەو وێنانە 20 رۆژ پێش بۆردوومانەكە گیراون و لە وێنەكانیشدا دیارە لەنێو ئۆتۆمبێلەوە گیراون".
ئەو بەرپرسەی PKK گومان دەخاتە سەر موساو دەڵێ "وێنەكان لەنێو ئۆتۆمبێلی موساوە گیرابوون"، موسا نزیكەی 15 ساڵ بوو هاتووچۆ و كاری بردنی كەلوپەلی لەگەڵ PKK دەكرد، قوماش و جلوبەرگ و خۆراكی بۆ دەبردن.
بەرپرسەكەی PKK دەڵێ شەوێك موسامان لەلای خۆمان هێشتەوە و رۆژی دیكە بە هەڤاڵانمان گوت با بڕوا . بەڵام ئەم جارە كە موسا رۆیشتووە بۆ لای PKK بۆ ماوەی مانگێگ نەگەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی و دواتر تەرمی موسا رادەستی ئاسایشی زاخۆ كراوە.
سەبارەت بە ئەشكەنجەدانی موسا لەلایەن PKKەوە و رەش و شین بوونی لاشەی ئەو، بەرپرسەكەی PKK دەڵێ "موسامان ئەشكەنجە نەداوە، بەڵام پێدەچێ بەهۆی مانەوەی تەرمەكە وای بەسەر هاتبێ، چونكە تەرمەكەی چوار رۆژ لەلای ئێمە مایەوە تاوەكو رادەستی ئاسایشمان كردەوە".