پهيوهندي دۆسیەی KCK و دەزگای MİT
پهيوهندي دۆسیەی KCK و دەزگای MİT
لێپرسینەوەی تایبەت لە دۆسیەی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK دەزگای MİTیشی گرتەوە.
داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی KCK، بە سیفەتی گومانلێکراو داوای لە هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای MİT، ئەمرە تانار راوێژکاری پێشووی دەزگای ناوبراو هەروەها ئافات گونەش جێگری راوێژکاری MİT کرد سەردانی دادگا بکەن و ئیفادەی خۆیان بدەن.
رۆژنامەی (حوڕیەت)ی تورکی 8/2/2011 بڵاویکردەوە کە بیلال بایراقتار ئیفادەی هەردوو راوێژکار و جێگرەکەی دەزگای MİT وەردەگرێت دەربارەی مەسەلەی گفتوگۆکردن لەگەڵ PKK. لەوبارەیەوە داواکاری گشتی داوای لەو کەسانە کردووە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سەردانی بارەگای داواکاری گشتی بێشکتاش لە ئیستەنبوڵ بکەن.
یەکەمین بەڵگە سەبارەت بە دانیشتنی نوێنەرانی MİT و PKK، مانگی ئەیلولی 2011 بە کاسێتێکی دەنگی لەسەر ماڵپەڕی ئاژانسی دیجلە بڵاوکرایەوە کە تایبەت بوو بە دانیشتن و گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج. ئاژانسی ناوبراو دوای ماوەیەکی کەم تۆمارە دەنگییەکەی لابرد و رایگەیاند کە ماڵپەڕەکەیان رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەتەوە و ئەو تۆمارە دەنگییە لەلایەن ئەوانەوە پەخش نەکراوە. لەو تۆمارە دەنگیەدا دەردەکەوێت کە هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای MİT، لەو کاتەی جێگری ئەمەرە تانەر سەرۆکی پێشووی دەزگای ناوبراو بووە، هاوشانی ئافەت گونەشی جێگری لە ئۆسلۆ لەگەڵ هەریەک لە مستەفا قەرەسوو، سەبری ئۆق و زوبێر ئایدار سەرکردەکانی KCK کۆبوونەتەوەو فیدان کاتێک باسی عەبدولڵا ئۆجەلان رێبەری PKK دەکات بە (بەڕێز ئۆجەلان) ناوی دەبات.
بەڵام توران چۆڵاککادی سەرۆکی داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ بێ ئاگایی خۆی لەو زانیارییانە دەربڕی کە بەرپرسانی MIT بۆ ئیفادە وەرگرتن بانگکرابن.
هەر لەوبارەوە ئەمین ئاکتار سەرۆکی ژووری پارێزەرانی ئامەد گوتی کە داواکاری گشتی بانگی فیدانی نەکردووە. ئاکتار لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) گوتی: "زۆربەی رۆژنامەکانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە داواکاری گشتی بۆ ئیفادە وەرگرتنیان بانگی بەرپرسانی MİTی کردووە. لە تورکیا نموونەی بەم شێوە هەندێک جار روویداوە. تا ئێرە ئاساییە ئەگەر بەرپرسێکی دەوڵەت لەبارەی دۆسیەیەکی تایبەت بانگهێشتی دادگا و لێکۆڵینەوە بکرێت. لە دژی هاکان فیدان لەناو ئۆرگانەکانی دەوڵەت ناڕەزایی هەیە. زۆر کەس پێیانوایە هاکان فیدان لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکێ بەرپرسیاری یەکەمینە. واتە لەناو دەوڵەت لەنێوان فیدان و بەرامبەرەکانی ناکۆکی هەیە، پێدەچێت دەنگۆی بانگکردنی فیدان بۆ ئیفادە لەبارەی دۆسیەی KCK پەیوەندی بەو دووبەرەکییەوە هەبێ".
ئاکتار گوتیشی :"ئێمە هەر لەسەرتاوە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دۆسیەی KCK دۆسیەیەکی سیاسیە و بە یاسایی کراوە. ئەوەی جارێکی دیکە دەیسەلمێنی کە ئەو دۆسیە سیاسییە بانگەشەی بانگکردنی هاکان فیدانە بۆ لێکۆڵینەوە، تۆمەتەکە چییە؟ کۆبوونەوەی فیدانە لەگەڵ سەرکردەکانی PKK. بەڵام فیدان بە دەستپێشخەری خۆی لەگەڵ PKK کۆبوونەوەی نەکردووە، بەڵکو بە راسپاردەی دەوڵەت لەگەڵ سەرکردەکانی PKK دانیشتووە.
هاکان فیدان کێیە؟
دەرچووی خوێندنگای شەڕی هێزی زەمینیە. دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەکات بۆ ماوەیەک لەناو سوپای تورکیا بە پلەی مولازم خزمەتی سەربازی دەکات و دواتریش دەست لەکار دەکێشێتەوە. پاشان لە چەندین باڵیۆزخانەی تورکیا وەکو راوێژکاری ئابووری و سیاسی کاردەکات. دواتر دەبێتە جێگری راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ کاروباری دەرەوە. بەهۆی پەیوەندیی گەرموگوڕی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ساڵی 2007 دەبێتە راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی. دواتر دەبێتە جێگری راوێژکاری دەزگای MİT تا لە 27/5/2010 دەبێتە راوێژکاری دەزگای ناوبراو.