مايكل مهكليان: دەبێ PKK و PJAK بەبێ مەرج چەك دابنێ
مايكل مهكليان: دەبێ PKK و PJAK بەبێ مەرج چەك دابنێ
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند كە دەبێ PKK و PJAK بەبێ مەرج چەك دابنێ و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد كە پشتیوانی توركیا و عێراق بكەن "بۆ لەنێوبردنی تیرۆر"، بەڵام PKK ئەو داوایەی رەتكردەوە.
مایكڵ مەكلیلان، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی لەبارەی بێدەنگی وڵاتەكەی لەو بۆردوومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە، گوتی "ئێمە پشتیوانی لە هەماهەنگی نێوان عێراق و توركیا دەكەین لە بەرەنگاربوونەوەی PKK، كە دوژمنێكی هاوبەشی توركیا و عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە". گوتیشی "چاوەڕێی ئەوە لە دەسەڵاتدارانی عێراق و توركیا دەكەین كە پێكەوە كار بكەن بۆ سنوورداركردنی كاریگەرییەكانی PKK لەسەر دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكان و بەردەوامی بە هەماهەنگی و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان بدەن لە رووبەڕووبوونەوەی PKK دا".
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەر لەدرێژەی ئەو قسانەدا گوتی "ئێمە ئیدانەی PKK دەكەین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی و، داوادەكەین كە كردەوە تیرۆریستیەكانیان رابگرن و بەبێ مەرج چەك دابنێن".
لەوەڵامی ئەو قسانەدا، ئەحمەد دەنیز، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی PKK رایگەیاند كە ئەوان هەروا بەبێ مەرج دەستبەرداری چەك نابن، لەكاتێكدا توركیا درێژە بەشەڕ دەدات. دەنیز گوتی: «دانانی چەكی PKK مومكین نییە، ئەمریكا داوا لە ئێمە دەكات چەك دابنێین، باشە لە چ شوێنێك چەك دابنێین، رادەستی كێی بكەین، نازانین رەسمیەتی چەكدانانی ئێمە چۆن دەبێ، هەر لە دوورەوە دەڵێن با PKK چەك دابنێ، بەوشێوەیەش چەك دانانرێ» نێچیرڤان بارزانیش دەڵێ چەكدانانی PKK و PJAK هەروا بە قسە نابێ.