دووپات بوونه‌وه‌ي ميَژوو يا پاكتاوكردن؟

ره‌هه‌نده‌كاني شه‌رِي باكووري عيَراق و چه‌ند بووچوونيَك


جەواد ئۆنەش، راوێژكاری پێشووی دەزگای هەواڵگری توركیا MİT پێیوایە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی سوپای توركیا بۆ سەر قەندیل و ناوچەكانی دەوروبەری هەوڵێكە بۆ رێگرتن لە هێرشی زیاتری PKK و PJAK وەڵامدانەوەیەكیشە بۆ رای گشتی توركیا. سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی ئۆنەش ووتي: "دیار نییە ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەكرێت یان نا. بەڵام توركیا هەموو كاتێك بەرامبەر بنكەكانی PKK و PJAK لە باكووری عێراق هەستیاربووە. بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئەمڕۆ زۆر هەستیارترە، چونكە حیساب بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كوردی دەكات و هەوڵدەدات پەرە بەو پەیوەندییانە بدات".
بەپێی ئامارە فەرمییەكانی توركیا لە دوای راگەیاندنی شەڕی چەكداری لەلایەن PKK لە 15 ئابی 1984دا، تاوەكو ساڵی 2009 پتر لە 42289 كەس لە شەڕی نێوانیان كوژراوە (6250 سەربازی تورك، 5669 هاووڵاتی سڤیل،30000 ئەندام و گەریلای PKK)، هەروەها زیانە داراییەكانی ئەم شەڕە بە 400 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێن.

میتحەت ئیشق، عەمید روكنی خانەنشینی سوپای توركیا، كە ساڵی 1998 سەرپەرشتی ئەو تیمەی كرد، كە شەمدین ساكیكی سەركردەی پێشووی PKK لە ناوچەی قەسرۆكی نزیك ئاكرێ رفاند بۆ توركیا، لە لێدوانێكدا گووتي سوپای توركیا نایەوێ خەڵكی سڤیل لەنێو توركیا و وڵاتە دراوسێیەكان زیانیان پێ بگات " بۆیە پێموانییە ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بەرفراوان بە تایبەتی بۆ سەر قەندیل ئەنجامبدات، بەڵام لەوانەیە لە ناوچە سنوورییەكان هێرش بكاتە سەر ناوچەیەكی دیاركراو، كە زانیاری وردی لە بەردەستبێ".
هەر لەوبارەوە سەركردەیەكی سەربازی پێشووی PKK پێیوایە ئامانج لە چڕبوونەوەی هێرشەكانی گەریلاكانی PKK لەمدواییەدا بۆ ورووژاندنی حكوومەت و سوپای توركیایە بۆ ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی زەمینی. ئەو سەركردەیە كە بەهۆی هەستیاری بابەتەكە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێت "PKK لەوە دڵنیایە، كە سوپای توركیا ئامادەكاری بۆ ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی وەك ساڵی 2008 دەكات، بۆیە بەو هێرشانە هەوڵدەدات، بەر لەتەواوكردنی ئامادەكارییەكان و هاتنی سەرما، سوپا رابكێشێتە شاخەكان و لەوێ چەند گورزێك بوەشێنێ و ئۆپاراسیۆنەكە پووچەڵ بكاتەوە".
سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆكی فراكسیۆنی BDP لە پەرلەمانی توركیا رەخنەی لە دەستپێكردنەوەی شەڕ گرت و بە ئەردۆغانی گوت " بۆچی وەڵامی ئۆجەلانت نەدایەوە، كە چەند هەفتە پێش ئێستا گوتی : من دەتوانم لە ماوەی یەك هەفتەدا لە شوێنێك كۆبكەمەوە".
جەواد ئۆنەش، راوێژكاری پێشووی MİT پێیوایە "هەڵمەتی نوێی سوپای توركیا بۆ لەنێوبردنی PKK نییە، پێموایە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە هەڵمەتێكی سەربازی رووت نییە. بەڵكو هەوڵێكە لە چوارچێوەی پڕۆسەی كرانەوەی دیموكراتی و نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ دەدرێت. پەیامێكە بۆ ئەو باڵە چەكدارەی نێو PKK كە هەوڵدەدات ئاشتی پەكبخات".
فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان، قسەكانی ئۆنەش پشتڕاستدەكاتەوە و پێیوایە ئەنقەرە و PKK گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، كە ناتوانن بە شەڕ یەكتر لەنێو ببەن. ئەسەسەرد ووتي:"حكومەتی توركیا هەوڵدەدات گورزی سەربازی كاریگەر لە PKK بدات، بۆ ئەوەی رۆڵی سیاسیانەی كەمبكاتەوەو ملكەچی مەرجەكانی خۆی بكات".
بەڵام ئایلا ئاتا ئاكانت پەرلەمانتاری BDP سەرلەبەری ئەو بیرۆكەیە رەتدەكاتەوەو دەڵێ "ئەمە شتێكی نالۆژیكیە، هیچ كاتێك تووندوتیژی ئاشتی بەرهەم نەهێناوە، ئاشتی بە دانوستاندن و گوێگرتن لە یەكتر بەرقەرار دەبێت".